بانگه واز
به‌فرانباره، به‌فر و شێعر ته‌وقه ده‌که‌ن
له دیمانه‌ی ئه‌م به‌فرانباره
رێکه‌وتی 92/10/24
کاتژمێر: 3ێ‌ی پاش نیوه‌ڕۆ
شوێن: هۆڵی گشتي ئێڕشاد
به میوانداري: رێزدارکاک ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی
کۆڕی فه‌رهه‌نگي ئه‌ده‌بي هونه‌ري مه‌وله‌وی کورد – سه‌قز
چاوه روانی رخنه زانستیه‌کانی ئازیزانه
دوایین ده‌رفه‌ت: 92/10/15
ناونیشان: mawlawy.kurd@ gmail.com
ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی
من شاعیر نیم
به‌ڵام جارجار ساقی هه‌ستم
له مه‌یخانه‌ی ته‌نیایی‌دا
به جامی خه‌ستی خه‌یاڵێ ئه‌کا مه‌ستم
که سه‌رخۆشم
په‌ری شێعر
به ئه‌سپایی
خۆی ئه‌هاوێته نێو ده‌ستم
چه‌ن غه‌زه‌ڵ
1
وا جه‌م بووه ئه‌مڕۆ خه‌می ئه‌م شاره له من‌دا
باریوه چ به‌فری که‌ژ و کۆساره له من‌دا
هه‌ر دێ پتر ئه‌م خۆره ده‌خنکێت له ناخم
قاقایه نسرم و کپی ئێواره له من‌دا
تاوانی هه‌زاره و ته‌مه‌نێ لێم ته‌پیوه
وێرانه‌ی هه‌موو مێژووه ئاواره له من‌دا
ئه‌م فێڵ و فه‌نه‌ی داری فه‌نایێکه ده‌بڕوا!
دووپاتی مه‌رگ ده‌م به ده‌م ئه‌م جاره له من‌دا
ڕووخاوم ئه‌وه‌نده‌ش به سیاچاڵی ده‌روونا
چی ئاور و تاریکییه داشاره له من‌دا
هه‌ر سات به وادێکه پشوومان ئه‌شێوێ
شه‌کری وته‌شی شه‌رته هه‌موو ژاره له من‌دا
یاران که فڕم‌داوه چه‌کم لای فریوی
بێژن چییه سوکنایی ئه‌م ئازاره له من‌دا
2
خۆ لاده گه‌لێ لازمه لاچیت دڵی من
هه‌ڵنایه ده‌می ، تۆ به ته‌ما چیت دڵی من؟
جارێ نیه سه‌ردانی هه‌واری هونه‌رت کا
چه‌ندی له چه‌م و په‌رچه‌می واچیت دڵی من
له‌و لێوه که هه‌ڵناوه‌رێ یه‌ک لاپه‌ڕه قاقا
هێما له خه‌ما ماتڵی ماچیت دڵی من
به‌و زامه بسازه که له زه‌بری زه‌مه‌نێ زا
دووره ئه‌گه دوکتۆر و ده‌واچیت دڵی من
ده‌ورانی نیه لاوک و بالۆره‌که‌ت ئیتر
په‌شمه که ئه‌چێ باوی نه‌ما چیت دڵی من
له‌و ڕۆژه‌وه ژیوارۆ له ژاراوێ ڕژاوه
بۆ ئه‌شقه که فه‌رمانبه‌ر و چاچیت دڵی من
ترسم هه‌یه هه‌ر ده‌رکی ئه‌وینی بکوتی تا
کاتێ چه‌مه‌ڕای هه‌ڵمه‌تی پاچیت دڵی من
3
ساماڵی خه‌یاڵ
تۆم له سووری زه‌رده‌په‌ڕدا دیوه ئه‌م ئێواره‌یه
باوه‌ڕی ئاسۆ له من خه‌مڵیوه ئه‌م ئێواره‌یه
تا هه‌ناسه‌ی تۆ هه‌ڵی کردۆته ساماڵی خه‌یاڵ
پڕ به دیوانێ غه‌زه‌ڵ باریوه ئه‌م ئێواره‌یه
تۆ له دڕدۆنگی ڕواوی وا ده‌پێوێ خه‌ڵوه‌تم
سه‌رچڵی هه‌ر باوه‌ڕێ له‌م دیوه ئه‌م ئێواره‌یه
دووره‌فڕ خه‌ونێ له به‌ژنی ڕۆشنت تا بێ سنوور
ڕسته ڕسته ئاره‌زووی تاشیوه ئه‌م ئێواره‌یه
با له کۆڵی ناوه ده‌نگی پۆلی باڵنده‌ی ڕه‌وه‌ک
تازه له‌م ئاوازه تۆم ناسیوه ئه‌م ئێواره‌یه
بێ پرووشه‌ی پێکه‌نینت باوه‌شێنی ئاوه‌زم
هه‌ڵخزێ جا له‌و که‌زی کازیوه ئه‌م ئێواره‌یه
له‌و بزه‌ی وا هه‌ڵده‌کا تا بیگرێ به‌رماڵی شه‌و
لێوی دێوه‌زمه‌ی خه‌فه‌ت تاسیوه ئه‌م ئێواره‌یه
داری پڕباری شه‌به‌ق پۆپی له نۆ ده‌رکا چرۆ
ڕه‌ش‌به‌ری بێ‌تامی ته‌م ها بیوه ئه‌م ئێواره‌یه
4
ته‌می سه‌رکه‌لی مرازه که به‌ره‌و نزار ئه‌چۆڕێ
ئه‌وه ئاه و ئه‌شکی ژانه له هه‌نسکی شار ئه‌چۆڕێ
ته‌شه‌نه‌ی برینی ده‌م‌ئا‌وه‌ڵه‌ی به‌یانی حه‌سره‌ت
له دڵ و ده‌روونی بێتاقه‌تی هه‌وار ئه‌چۆڕێ
له نه‌بوونی مه‌ڵهه‌می پێکه‌نینی کیژی ئاوات
ئه‌وه‌تا به‌جارێ زووخاوی ده‌رده‌دار ئه‌چۆڕێ
له وه‌تی که شۆخی تاراوه له بووکی خاکه‌لێوه
تکه‌تک گوڵاڵه سووره له دڵی به‌هار ئه‌چۆڕێ
جگه‌ری کولاوی بێڤه‌ر ئه‌ده‌ڵێنێ خوێنی ئازار
هه‌رئه‌ڵێی که قوڵتی گریان له‌تۆبه‌کار ئه‌چۆڕێ
گژه‌بای خه‌زه‌ڵوه‌رێ گه‌ر ده‌وه‌رێنێ ئاره‌زووی شاخ
ئه‌وه مافی خۆیه فرمێسکی لێره‌وار ئه‌چۆڕێ
ده‌ڕژێ به لێزمه ئه‌سرین له مه‌کۆی داوه‌تی خه‌م
شه‌تی پڕ له داخی خوێناوه له دووری یار ئه‌چۆڕێ
ده ببینه خوێنی خولیای دڵی ناهمێی ئه‌وینار
که له په‌نجه‌کانی سیسارکی ڕۆژگار ئه‌چۆڕێ
5
به کۆڵانا چه‌نێ مه‌ستانه ڕۆیی!
نه‌جووڵا تا چه‌نێ که‌س تا نه‌ڕۆیی
هه‌ڵاتن تا به ئاشکرا له خه‌ڵکی
چ بێهووده‌ش له من به‌س تانه ڕۆیی
که زانا سێحری تاوانه له من‌دا
هه‌موو ئه‌و باوه‌ڕ و ده‌ستانه ڕۆیی
له شانه‌ی دا که‌زی ته‌نیا له بۆ من
ڕه‌قیبم دابه‌زی په‌ستانه ڕۆیی
که چوو هه‌ستم هه‌ڵاوه‌ستێ له باڵای
له ساتێکا ده‌می هه‌ستانه ڕۆیی
ئه‌ڵێن دیلی نه‌زانینێکه ئه‌مڕۆ
بزا دیلێ چ سه‌ربه‌ستانه ڕۆیی
که مه‌نزڵگا هه‌تاوی گرته ئامێز
له ده‌رکی‌دا دڵم وه‌ستا نه‌ڕۆیی
چما ده‌شت و وڵاتێکی غه‌ریبه
ئه‌ڵه‌ی گشت ئاوه‌ڵ و که‌ستانه ڕۆیی
ده‌لاقه‌ی به‌ست و ماڵاوا له شێعرێ
وزه‌ی ئه‌و به‌یت و هه‌ڵبه‌ستانه ڕۆیی
6
ئه‌من وێڵی که‌ساس و ژانم ئه‌و نه
تواوی ئاوری گریانم ئه‌و نه
له وه‌یلانی شه‌قامێکا ته‌نا من
به ون‌بوونا ئه‌بێ بڕوانم ئه‌و نه
به چۆڵی په‌نجه‌م و نرکه‌ی هه‌ناسه‌ش
له ڕه‌نجێ‌دا خه‌مۆکی نانم ئه‌و نه
نه هاوارێ به خه‌ڵوه‌م‌دا ده‌چرپێ
که بۆشایی ڕژاوه مانم ئه‌ونه
ئه‌نامم کاولی ناکامیێکه
له بریادا ڕزاوه تانم ئه‌و نه
به ویژدانی به‌تاڵی کووچه‌مانا
ده‌مێکه هه‌مبه‌ری تاوانم ئه‌و نه
مه‌راقی وا به ساقیما ته‌نیوه
به مه‌ستی ناکرێ ده‌رمانم ئه‌ونه
بڵێ که‌نگێ نزووله‌م په‌ل ئه‌هاوێ
له داماوی ده‌سه‌و دامانم ئه‌و نه
فه‌ڵه‌ک ده‌نگی فه‌نا گوێی ئاخنیوه
که نابیسێ ئه‌مان ئامانم ئه‌ونه
شه‌راوێ ناڕژێته نۆتی مه‌ستیم
شه‌وارێکه کپی زیندانم ئه‌و نه
چ سه‌وداییکه ئارامی له من‌دا
له بۆ تیری جه‌فا قه‌ڵغانم ئه‌و نه
چ ساتێ چێ کرا ئاواره‌ییمان
که هه‌ر من بێ سه‌ر و سامانم ئه‌و نه
7
که‌ناری دووره‌ده‌ست
که بۆنی تانی بسکی نرا له کۆڵی زریان
خزامه باخه‌ڵی خه‌م ، ڕژامه گۆلی گریان
که‌ژی به‌رۆکی به‌رزی ، ڕچا مه‌حاڵه ئه‌مجا
که‌وی مه‌مێ گلێنم ، له کۆشی پــڕ به‌فریان
هزر ئه‌گه‌رچی هه‌ڵدێته به‌ر په‌سێوی مه‌ستی
له هیجری ده‌نگی مه‌نگن ، له ژانی زامی وریان
له به‌ر شنه‌ی ده‌لاقه‌م ته‌مایه‌ری نیشانێ
نه‌سیمی نامه‌هێنه‌ر بدا هه‌واڵی تریان
ده‌با هه‌ڵێ گزنگی ئه‌وینی گه‌رمی جاران
بدا له سه‌ر که‌لی دڵ ، نیگاهی وَالفجریان؟
که دابنێ له سووچێ شه‌می دڵی ئه‌وینار
له بێکه‌رانی هه‌ستی ، فه‌ڵه‌ک بدا ئه‌جریان
8
بنووسم با به ته‌نیاییمه‌وه تاوێ له من قاته
وه‌رینی باوه‌ڕی ڕۆژه گه‌ڵاڕێزانی ئاواته
له به‌ر بێ‌نازی ئه‌م شاره ده‌س‌هه‌ڵپێکێکی تاراوم
له تاراجی بزه‌ی لێوێ خه‌مێ وێڵی خه‌راباته
ئه‌وینداری له لێڵایی کڕێوه‌ی قاتی وه‌یلانه
ڕه‌قه‌ڵهاتی شه‌قه‌ی ماچ و که‌نینه وا کز و ماته
له به‌ر بۆرانی ئه‌م وه‌رزه ته‌زیوه زه‌وقی بێدارم
له پێده‌شتی زه‌مانا بۆچی فه‌وتانی مه‌ت ئاواته
سه‌رهه‌ڵبێنم له گریانی زوڵاڵێ با به یه‌کجاری
له پا خا کاخی وه‌یشوومی سته‌م ئه‌سرینی ئه‌وڕاته
ئه‌دی هه‌ڵنایه ئاواتێ، خه‌فه‌تباره کچی به‌ختم
له ماته‌مزاری ئه‌م چاخه ته‌مایه‌ر سێحر و تاماته
ده‌روونم ئاگرستانێکی گڕداری له مێژینه
بڵێسه‌ی تا خوداوه‌نده ئه‌گه‌ر مه‌یلی ته‌ماشاته
9
ئه‌و سه‌ده
بنواڕه به لێواری شه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
داواره به مل زیخ و چه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
تا تاقه‌تی هاواری چیا سه‌ربکه‌وه
هه‌ڵنیشه به پژ به‌رز و نه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
نه‌سره‌وتنی ئه‌و پێله بئاڵێنه له خۆ
هه‌ڵتۆزه به بێ‌وازی خه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
تا نووکی زه‌لان تا ته‌وه‌ره‌ی هاژه بڕۆ
که‌م خول به به بن جه‌غز و گه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
حه‌یرانێ به خه‌مگه‌ی ته‌ژی ئێواره چڕه
هه‌ڵبێژه به تۆرانی وه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
تا ماتی چلووره و هه‌ره‌سی که‌ژ بفڕه
هه‌ڵتۆفه به بۆرانی که‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
سووتانه گڕی قه‌فقه‌فی بارووته به بیر
پڕژێنه پرووشێ به ته‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
10
له هێڵی پڕته‌می چارت ده با ته‌نیایی هه‌ڵواسم
له بوولێڵی خه‌می پرچت مه‌داری شایی هه‌ڵواسم
له من‌دا ده‌ربه‌ده‌ر ماوی هه‌تا ئاواره‌ییمانه
به وه‌یلانی جنوونێکا هه‌شی زانایی هه‌ڵواسم
ئه‌گه‌ر کانی له تۆ ڕا چه‌م ئه‌کاته حه‌زگه‌ی ئه‌مجاره
ئه‌شێ ئاپۆره‌ی ئه‌م شاره له به‌ر ئاوایی هه‌ڵواسم
که مانێ له‌و شنه‌ت‌دا هه‌ڵده‌کاته باوه‌ڕم شه‌رته
هه‌ناسه‌م له‌و هه‌ناسه‌و تا ده‌می کۆتایی هه‌ڵواسم
که‌نینت هه‌ڵده‌خا تاسه‌م به ساکاریته‌وه لێوم
له عه‌سرۆجه‌ی به‌رهه‌یوانت له قاپی چایی هه‌ڵواسم
پشوویێکت گوزه‌ر ناکا به خه‌ڵوه‌تگه‌ی مه‌راقم‌دا
مه‌گه‌ر بێتاقه‌تی مه‌یلم له سه‌ر بۆشایی هه‌ڵواسم
به چرکه‌م دا تکاوی با بتاوێ بایه‌خی بیرم
له ته‌دبیراتی سه‌ر تا سه‌ر چه‌لێ خۆڕایی هه‌ڵواسم
ئه‌مێستاکه‌ش وه‌ریوم له‌و به‌رۆکت په‌یکه‌ری شێعرم
له مه‌زره‌ی بێ‌به‌ری وه‌ک داوه‌ڵی سه‌ودایی هه‌ڵواسم
چه‌ن دووبه‌یتی
1
ده‌می من شێت و سه‌وداچی ده‌مێکه
هومێدی گرتنی ماچی ده‌مێکه
که تۆ دووره په‌رێزی وا له‌خۆڕا
به بیرم دا ئیتر ناچی ده‌مێکه
2
که ناڵه ناڵیه بێ تۆ دڵه‌که‌م
له بێ ئاواڵیه بێ تۆ دڵه‌که‌م!
له ساتێکا که دووری لێم ئه‌زیزم
هه‌واری خاڵیه بێ تۆ دڵه‌که‌م
3
ئه‌زیزم ئاوڕێ مردم له تاسه‌ت
دڵم لاته به وه‌ڵاهی سه‌تاسه‌ت
ئه‌من شۆراخی بێ بارانم و تۆ
شنه‌ی کوێستانی قه‌ندیله هه‌ناسه‌ت
4
وشه‌م شێ‌داری شه‌وماچی هه‌ناسه‌ت
لقی بێ‌وازی داپاچی هه‌ناسه‌ت
حه‌زم هه‌ڵدێ به‌ره‌و به‌رزی هه‌تاوێ
هه‌ڵاوه‌سراوه له‌و خاچی هه‌ناسه‌ت
5
به‌سه بسکی په‌رێشان ڕاوه‌شانت
ئه‌وی تۆمی دڵێشان با وه‌شانت
په‌تی سێداره‌یه بۆم تانی پرچت
له بێ ڕه‌حمی نیه شان با وه‌شانت
6
له ده‌ستی تۆیه داد و ناڵه ناڵه
زمانی هه‌ر ئه‌ویندارێکی لاڵه
وه‌کوو پووشێکه لات مافی ئه‌م و ئه‌و
ده‌ڵێی دنیا کراوه بۆت قه‌باڵه
چه‌ن چوارینه(ڕوباعی)
1
عومرێکه حه‌زم ها له سه‌فا بۆ ماچت
خۆزگه‌م ده‌مه‌کێکی نه‌خه‌فا بۆ ماچت
بێــــڵانه بخنکێ له بناری لێو‌ت
لێـوم که ئه‌وه‌نده‌س له که‌فا بۆ ماچت
2
بۆ پیری فه‌ڵه‌ک هانی به تاو نازانم
هێنانی ئه‌من باشه خه‌تاو نازانم
له‌و خه‌مگه‌یه ئاڵاوه شه‌وستانێ لێم
چه‌ن باڵه هه‌تا کۆشی هه‌تاو نازانم
3
جامێک و خه‌مێ له ئه‌م دڵه داماڵێ
به‌و خێڵی خه‌مان تاکوو نه‌بم پاماڵێ
ئاڵاوه مژێ له ده‌روه‌نی ته‌نیاییم
تۆراوه له ئه‌م چاخه مه‌گه‌ر ساماڵێ
4
ئێواره‌یه گریان و ته‌مێ دایگرتووم
دیرۆکی حه‌زی زین و مه‌مێ دایگرتووم
له‌م وه‌رزه ده‌می دار و گوڵه بنواڕه
مووچڕکی خه‌می گوڵ‌به‌ده‌مێ دایگرتووم
5
ساقی وه‌ره په‌یمانێ له نۆ تازه که‌وه
لایێک له ئه‌م ئاوه‌ڵه بێ‌نازه که‌وه
چت داوه ته‌مه‌ن چاوگ و ئاکامی چ بێ
که‌م بیرێ له ئه‌م باوه‌ڕه ناسازه که‌وه
چه‌ن شێعری نوێ
1
نووسان به شه‌که‌تی ئێواره‌وه
ئه‌م ئێواره
شه‌که‌ت
شه‌ماڵێ به فێنکی ڕۆحما هه‌ڵیکرد و
گه‌واڵ گه‌واڵ به هه‌وره‌کانه‌وه ئه‌یماڵیم
تا چیایه‌ک باڵام کرد و هه‌تا خه‌یاڵ
جۆگه جۆگه به ڕووناکی‌دا خوڕیم و
کانی کانی
تۆقیم
ئه‌م ئێواره
ئه‌نووسام به شێعرێکه‌وه
قومه قومه ڕه‌شنووسی ئه‌کردم
داواریم به پێنووسه‌که‌م‌دا و
لاپه‌ڕه‌یه‌ک ئه‌یکێشام و
ئه‌کێشرا به من‌دا دێڕێک
پیته‌کان ئه‌پێچیان پێما و
هه‌ڵئه‌هات له ئاڵۆزاوترین شێعر چاوه‌کانم
ئه‌م ئێواره
تا ڕۆیشتن ئه‌یفڕاندم
شه‌قه‌ی باڵم تا کۆتر ئه‌هات و
ئه‌شنیا به سروه‌دا په‌له‌کانم
به ئاسمان‌دا شین شین
هه‌ڵئه‌گه‌ڕام
ئه‌م ئێواره
به په‌لکه‌ی کیژێکه‌وه
چنیام و
ئاڵامه پرچی
داوێن داوێن به کراسه‌که‌ی
هه‌ڵیماڵیم و
لێویام به ماچێکی و
به‌رم دا
ئه‌م ئێواره
هه‌ڵمدا له گۆرانیێ و
نه‌رم نه‌رم چڕام له ئاوازێ و
سه‌رکه‌وتم به نیشتمانی سروودێک و
نه‌مام نه‌مام
سه‌رم هه‌ڵدا تا بزر بوون
ئاخر ئه‌م ئێواره
دوای شه‌قامێ له پیاسه و
دوای بازاڕێ له هیلاکی
له به‌ر هه‌یوان به خه‌ماکانمه‌وه نووستبووم
2
تا ئه‌م ده‌فته‌ره...
*
هه‌تا له‌م ده‌فته‌ره ڕۆچم
دوورم له‌و ڕێگا
له خوێندنه‌وه‌یه‌ک‌دا
تۆ پڕ له ماچ و ڕاچڵه‌کان ئه‌کا.
تا بلکێم به‌م پێنووسه‌دا
پێموا نییه به سه‌ر به‌یان و
پرچ و بزه و هه‌نگاودا
بتکێم.
ئه‌و
باوه‌شێ له شه‌رمی هاویشته شه‌قامه‌وه
شاری پڕ له شه‌و کرد و
من له سه‌فه‌ر
تاکسی لیپاولیپ له خورپه،
ئه‌دی پێنووس ته‌نیایی من واژۆ ناکا،
کتێب به‌رگه‌ی سه‌فه‌ر ناگرێ،
به لاپه‌ڕه هه‌ڵنافڕم
تا داربه‌ڕوو ، هه‌وار ، خۆزگه و
گۆیژ و ...
ئێسته گۆیژ له بازاڕه و
به‌ڕوو له شه‌قام و
چیا له من و پێنووس و لاپه‌ڕه و پرچ و ماچ و ...
*
هه‌ر کات له‌م ئاوێنه سه‌رده‌ر‌ێنم
شانه له قژم و
خۆم له ده‌ق ئه‌ده‌م و
ڕا‌نک و چۆخه‌م ئه‌ته‌کێنم
بگره کۆڵان و ترپه‌ی پێ و باران!
تا درگا ده‌ستم پێوه‌ده‌نێ
گۆڕه‌پانه و باوه‌ش و بزه و پێڵاو
هێور هێور پێڕه‌و ئه‌مخوێنێته‌وه
به له‌ش‌دا شه‌پۆله و
تا ته‌زوو تێ‌ده‌فکرم
ئه‌وجار ئه‌ڵێم با
تا هه‌تاویترین ڕۆژ تیشکێ
له گیرفان نێم
ئه‌ها دوێ‌شه‌و
ئه‌و ده‌فته‌ره شێعره‌شم دی
هه‌ر کێش بوو شاعێر ئه‌یدا و
قسه‌ی دڵی نه‌کرد
کۆڵێ ئه‌م لای به‌ولا شوبهاند و
منیش به‌دوویدا
باوه‌شێ خوازه‌ی کۆنم لێ نیشت و
ماتی کردم
وێڵی که...
3
(لێمان هه‌ڵێ ده‌بێ‌که‌سم)
تا کاڵ بمه‌وه له‌و چاوانه و
ئاڵمه لێوانت
ئه‌بێ چه‌ن تاڵ به پیریته‌وه بێم
تا وه‌رامه ئێواره‌ی هه‌نگاو و
قاپی ده‌رکه‌و
چه‌ن پێڵاوی ئاخۆ نه‌وه‌کامم
ئه‌م ماچه به‌ری کۆچه و
ئه‌م ده‌سته هه‌تا بێ وه‌رانی په‌نجه‌کانی یه‌ک‌گرتنه
پیره یادی خۆزگه‌ی په‌تی
به ڕوانینێکی ڕووته ڕزگارییه و
شانشینی ئه‌م چرکانه‌م
تکا له تۆ
بۆ ئه‌م بیره مه‌زه بیت و
بێلانه خۆم ده‌با لات بم!
من که ئه‌ونه‌مامه‌خه‌مه‌م
لێمان هه‌ڵێ ده‌بێ‌که‌سم!
نه‌ڵه‌ی به دینت بێزارم
4
( نه‌وه‌ستانی کاروانێ )
هه‌ی‌داد هه‌ی‌داد له حه‌سره‌تێ!
بۆ ڕۆژانی سه‌رهه‌ڵدان و بزاوتن و ده‌نگ هه‌ڵبڕان و داوه‌تێ
هه‌ی داد له من
له ته‌نیایی، بێ‌ئه‌نوایی، له سه‌غڵه‌تێ
بێ‌به‌شی
که‌له‌لایی کردم
زه‌مه‌ن، ته‌مه‌ن، چاره‌ڕه‌شی
چه‌رخی چه‌پگه‌ردیش به جارێ ئاوا هه‌لاهه‌لای کردم
ئه‌ستێره‌ی گه‌شاوه‌ی سه‌مای تافی لاوی گه‌لێ کزه
تۆزی نه‌مان ، به‌فری فه‌نا ، زه‌رده‌په‌ڕی دواین بزه
ئه‌خنکێنێ چرکه‌کانم
له قورسایی بارستایی ماته‌می چڕ
چاره‌نووسه ئه‌مگلێنێ و گاڵته‌یه به نرکه‌کانم
هه‌ی‌داد هه‌ی‌داد
بۆ جێ ژوانێ، داوه‌تێ ،ده‌شتێ، سه‌یرانێ!
ماچێکی سوور هه‌ڵگه‌ڕاوی پڕ له شه‌رمی ئێواره‌وه‌ختی کۆڵانێ
ڕازی حه‌زی نازی بزه‌ی کارمامزێ
پاییزێ زه‌رد
ئه‌ویندارێکی سه‌رکزێ
جێ هه‌نگاوی پووچه‌ڵی سه‌رد
نامه‌ی بێ‌نازی گیرفانێ
ده‌لاقه‌یه‌کی ته‌مایه‌ر
گه‌ڕه‌کێکی وشک هه‌ڵاتووی کت و بێ‌ده‌نگ
دڵێ بایه‌ر
هه‌ی له منێ!، غه‌مێک و ئاخ هه‌ڵکێشانێ
مه‌لی خه‌یاڵم دوور ئه‌ڕوا
خۆی هه‌ڵئه‌سوێ له ئه‌ستێره و کاکێشانێ
وشه‌ی شێتی شێعره‌کانم
هه‌ڵئه‌فڕن له گه‌ڵ گزنگ
له کازیوه و زێڕه‌وشانێ
هه‌ی‌داد هه‌ی‌داد
برک و ژانێ!
شاڵاوێ، دادێ، گریانێ
ده‌ست له ناو ده‌ستی ته‌نیایی له پێده‌شتێکی نادیار
ڕێبوارێکی ناکامی وێڵ ، مێژوو له کۆڵ
دوور له دیار
له قاقڕستانی هیوا
سێبه‌رێکی داشه‌کاوی ناهمێی لێ به‌جێ‌ماوه
جل و به‌رگێکی خۆڵاوی
که به‌هه‌شتی خه‌ونه‌کانیشی به گشتی
وا لێی بوه به که‌لاوه
های له دوێنێ !
له سێبه‌رێکی بژوێنێ
چریکه‌ی مه‌ل، کانیاوی که‌لله ته‌زێنێ
مه‌مێ! ، شه‌مێ!
له ناو گۆرانی "ئه‌ی زێنێ عه‌مرم زێنێ"
نه‌رمی و وریایی ئاوازێ
وێڵی دارستان و چیا ، له بۆ ئاخاوتنی ڕازێ
ئیدی نه‌ما نه‌ما ده‌نگێ
قوڕگی ژیان
حه‌یرانێکی بێ‌خه‌وشی تازه‌ی لێ‌نازێ
هه‌ی تل‌ئه‌خوا گۆرانیێ
له نشێوێ له هه‌ورازێ
هه‌ر ئه‌خنکێ به پڕتاوێ
له تاڵاوێ له زه‌لکاوێ ، له بۆی نیه به‌رده‌بازێ
هه‌ی‌داد هه‌ێ‌داد بۆ به‌هارێ!
خۆ هه‌ڵدان له شنه‌ی دارێ،ده‌می گوڵێ
ڕۆچوون له بزه‌ی گوڵۆکێکی هه‌نارێ
هه‌ی داد له شاعیرێکی ته‌ماوی ته‌مایه‌ری ڕه‌نج‌خه‌سارێ
گه‌نینی که‌نینی گه‌شه له ڕسکانێ
له زه‌لکاوی پاییزی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو هه‌ڵخلیسکانێ
له شنه‌بای هه‌ڵوێساوی به‌ره به‌یان
هه‌وایه‌کی له چێ ماوی مه‌نگی خه‌فه
تاڵستانێکی ئه‌رخه‌یان
خاسه مه‌لێ
که هه‌ڵفڕینی ئه‌شه‌لێ
هه‌ڵئه‌وه‌رێ په‌له‌کانی ده‌یان ده‌یان
تۆفان ئه‌یشێوێنێ گه‌لێ
هه‌وری نه‌زۆک
بارانێکی پووچه‌ڵ له ژین
وه هه‌ڵاڵه‌ی پڕاوپڕ له خوێن و ئه‌سرین
هه‌ی‌داد هه‌ی‌داد له خه‌زانێ!!
خشه‌ی هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای خه‌ونه‌کان و
هه‌ڵدانه‌وه‌ی دوایین لاپه‌ڕه‌ی ژیانێ
گه‌رده‌لوولی ماتی
په‌ژاره، مه‌لوولی
موسافیری وێڵی پێ ده‌شتی نه‌مانێ
هه‌ی‌داد هه‌ی‌داد له زستانێ!!!
ڕۆ چوون له شه‌خته ، کڕێوه
ئه‌زموونی تاریکستانێ
"دیاری داوه نیشانه‌که‌ی پیری له ڕووت
له سه‌راپا به وێنه‌ی به‌فر سپی بووت"
چه‌ن به په‌له ! کاروانی نه‌وه‌ستانێ
به‌ره‌و هه‌ڵدێر ،به‌ره‌و گێژا و هه‌ڵه‌مووت
به‌ره‌و نه‌مان، فه‌نا، بزووت!
به‌ره‌و نه‌مان، فه‌نا، بزووت!
5
(ئه‌وه‌نده غه‌رقی باڵاتم)
ئه‌وه‌نده‌یغه‌رقی باڵاتم
شه‌وان و ده‌م‌به‌یانی تا ده‌گاته زه‌رده‌په‌ڕ هه‌رده‌م
له فێرگه‌ی دڵ له ڕامان و موتاڵاتم
گوڵی سه‌رده‌م ئه تۆ ئه‌ی شۆخی بێ‌ئامان
په‌ریزاده‌ی خه‌یاڵی تۆخی من دابێ ده‌مێ دانیشه لامان و
بپروێنه په‌ژاره‌ی پڕ له ژاری زه‌رد و ناواده‌ی
ده‌مت بێنه و بنیشه له‌و په‌ڕه‌ی لێوم ده‌لا ئاده‌ی
چه‌نێ سانا چه‌نێ ساده‌ی ده‌سه‌و دامانی کاڵاتم
ئه‌من هه‌رده‌م به یادی تۆ له به‌ستێنی خه‌یاڵاتم
ده‌نووسم به‌و شه‌پۆلی له‌شته‌وه تا قووڵترین ماچێ
که تۆفی تووڕه‌ییت نه‌ڕوا بخاته ده‌شته‌وه پاپۆڕی لێوی پڕ له ئاواتم
منت واچێ:
ده‌چم هێور به شاڵاوی هه‌ناسه‌ت‌دا
که سه‌رکه‌وتم ئه‌گه‌ر نه‌ستێنی وشیاریم که نابێ نا له‌وێ ناچێ
ده‌که‌م باسی حه‌ز و تاسه‌ت بخه‌مڵێنی هه‌ناسه‌م گه‌ر به هاڵاوی کراسێ یا به‌ره‌ڵبێنێ و
خه‌فه‌ت لاچێ
ده‌له‌رزێ دڵ ده‌له‌رزێ که به‌ری به‌ژنت
شنه‌ی ڕۆیشتنت ته‌رزێ له‌رانی لاپه‌ڕه‌ی هۆشم
وزه‌ی بیرم گه‌لێ شێوا ، ته‌رانی تام و خنکاندی
له وێنه‌ی پڕله‌نازی قامه‌تت سه‌رمه‌ست و خامۆشم
چه‌لێ لێو‌ت به سازی پڕ له نازی وا چڕی ده‌نگی به ئاهه‌نگی وه‌ها ژه‌ندی
ته‌ل و بلوێری دڵته‌نگی که لێوا خاتری مه‌ندی
گه‌ڕێ لێم تاکوو ته‌نیاییم هه‌ڵێنێ ده‌ست و ده‌سرۆکه‌ی له هه‌ڵپه‌رکێ و زه‌ماوه‌ندی
ده‌گاته جێگه هه‌ق واده‌و به‌ڵێبی گه‌ر به جێ دێڵێ و به نازێ دیته به‌ر ده‌رکێ
دڵم هۆشی ده‌چێ بۆ ماوه‌ێێ چه‌ندی
به‌ره‌و به‌رزی که هه‌ڵده‌سوێ سه‌ری له لووتی قه‌ندیل و له هه‌ور و نووکی ئه‌ڵوه‌ندی
ده‌لاده ئه‌و په‌چه‌ت با په‌رچه‌مت لووزه‌و ببه‌ستێت و به سووکیبیده من په‌ندی
نه‌شه‌م یه‌ک‌باره هه‌ستێت و بنه‌خشێنم دیامانێ
له وێنه‌ی تۆ به شێعر و هه‌ست و ڕسته ی پڕ له بۆ تیماری زامانێ
به بیری خه‌سته‌وه بیده‌م په‌لاماری وشه‌ی پڕژاوی دامانێ
که ڕه‌نگاوه له بۆ پێنووسی بێ‌نازی ئه‌ویندارێ
شه‌وێ تاکوو به‌یانی و ده‌م به‌یانێ تاکوو ئێوارێ
که تۆی لا تاقه ئاواته
هه‌میشه غه‌رقی باڵاته
6
ڕکه‌وان
ئه‌ی ڕکه‌وان!
چه‌نی ماوه تا ئاسمان؟
سه‌فه‌ر له گه‌نکاوی ڕزین
تا بێ سنوور، فامی فڕین
تا شینایی
تا ئه‌ستێره به‌رینایی
پێش ئه‌وه‌ی خۆر لێو بخنکێ
تکایه لێو
به پانتایی ڕۆژا بتکێ!
خۆ دیمه‌نی شه‌قه‌ی باڵێ له نیگاتا
ئه‌نووسێ به هه‌رمانه‌وه
بۆ نه‌فه‌سێ
ئه‌دا له چێژی چریکه‌ی
درێژ ماوه‌ی هه‌تاهه‌تا
له قه‌فه‌سێ!!
چه‌ن کورته شێعر
1
تا هه‌ڵاتنی کازیوه
له ئاواری شه‌وه‌زه‌نگه‌وه
ناهومێدانه
به هاوارێک‌دا ئه‌ڕووخێم
2
تۆز وڵاتی لێ ته‌نیوم
ئای له بۆ ڕێژنه بارانێ ، تاوێ
بشواته‌وه ئه‌م پێده‌شته
که‌سه‌رکه‌وین له تارمایی بۆ هه‌تاوێ
3
وه‌خت ته‌نگه
کانی ده‌مت بکه‌وه بۆم!
هه‌ر ته‌نیا قومێکم به‌رێ!
گوڵی ماچێ لێم ڕواوه
با نه‌ژاکێ ، هه‌ڵنه‌وه‌رێ
4
ئه‌ی چاوکاڵی
کراس شینی سپی و ساده
من به زه‌رده خه‌نه‌ی لێو‌ت
سوور هه‌ڵگه‌ڕام
وه‌کوو باده
5
کاتی به‌هار
شار نووستوه ده‌م به‌یانی
کچی نازی له ناو نوێنی ئه‌رخه‌یانی
وێڵی خه‌وێکی په‌مه‌یی له قۆزاخه
ئه‌و ده‌مه‌ی که وه‌رزی بزه‌ی هه‌رد و شاخه
کیژی لادێ پاچی هه‌ڵگرد
چوو بۆ که‌نگر و گیلاخه
6
وشه‌ی وه‌فا نامۆیه لات
چون له‌و کاته‌وه چاره‌نووس
خۆشه‌ویستی ئه‌تۆی دامێ
له ناخم چه‌که‌ره ئه‌کات
هه‌ر ڕۆژ ده‌ردێ ،خه‌مێ ،زامێ
7
دیوانێ شێعر و جوانیم دی به سه‌رپڕی
که له باڵه ته‌نکه‌کانی په‌پووله‌یه‌ک
هه‌ڵئه‌فڕی
8
پڕ به قه‌سیده‌یه‌ک جوانی
له زاری شکۆفه‌یه‌ک‌دا
دای له قاقا ده‌م‌به‌یانی
9
گه‌ر چی چوارده‌وریان گرتوم
خزم و که‌س و مام و خاڵم
له تۆ دوورم
خوا ئه‌زانێ
له بێ که‌سی‌دا شه‌ڵاڵم
10
چاوه‌نواڕی شه‌قڵی به‌یان
له‌شم به ناکامی‌دا هه ڵئه‌سپێرم
ئاخر من
به ئێواره‌وه گرساوم
11
هێنده په‌شۆکاوی ئامێزم
که ئه‌وین
به هیچ موچڕکێکم ئیمان ناهێنێ